[1] هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شەڕ و ناکۆکییەی نێوانتان چییە؟ ئایا بەهۆی ئارەزووە خراپەکان نییە کە لە ئەندامانی لەشتان دەجەنگن؟
[2] ئارەزوو دەکەن و نیتانە، هەر بۆیە دەکوژن. ئیرەیی دەبەن و ناتوانن دەستتان بکەوێت، هەر بۆیە ناکۆکی دەکەن و شەڕ دەکەن. نیتانە، چونکە لە خودا داوا ناکەن.
[3] کاتێک داوا دەکەن وەریناگرن، چونکە بە پاڵنەری خراپ داوا دەکەن، تاکو ئارەزووەکانتانی پێ تێر بکەن.
[4] ئەی داوێنپیسان، نازانن دۆستایەتی جیهان دوژمنایەتی خودایە؟ بۆیە ئەوەی بیەوێت ببێتە دۆستی جیهان، ئەوا بووەتە دوژمنی خودا.
[5] یاخود وادەزانن نووسراوە پیرۆزەکە لەخۆڕا دەفەرموێ، خودا بە دڵگەرمی پەرۆشە بەو ڕۆحەی کە تیاماندا نیشتەجێی کردووە؟
[6] بەڵام نیعمەتی زیاتر دەدات، بۆیە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێت: [خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.]
[7] بۆیە ملکەچی خودا بن. بەرهەڵستی شەیتان بکەن، لێتان هەڵدێت.
[8] لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە. دەستتان خاوێن بکەنەوە ئەی گوناهباران، دڵتان پاک بکەنەوە ئەی ڕاڕایەکان.
[9] خەفەت بخۆن و بگریێن و شیوەن بکەن. پێکەنینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشی بۆ خەفەت.
[10] لەبەردەم پەروەردگاردا بێفیز بن، ئەویش بەرزتان دەکاتەوە.
[11] خوشکان، برایان، بە خراپە باسی یەکتری مەکەن. ئەوەی بە خراپە باسی براکەی بکات یاخود براکەی حوکم بدات، ئەوا بە خراپە باسی تەورات دەکات و تەورات حوکم دەدات. ئەگەر تەورات حوکم بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە.
[12] تەنها یەک شەریعەتدانەر و دادوەر هەیە، ئەو دەتوانێت ڕزگار بکات و لەناوببات. بەڵام تۆ کێی تاکو نزیکەکەت حوکم بدەیت؟
[13] وەرن ئەوانەی دەڵێن: «ئەمڕۆ یان بەیانی دەڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێک لەوێ دەبین و کاسبی دەکەین و قازانج دەکەین.»
[14] ئێوە کە نازانن بەیانی چی دەبێت، ژیانتان چییە؟ چونکە هەڵمێکە، ماوەیەک دەردەکەوێت، دواتر نامێنێت.
[15] لە جیاتی بڵێن: «ئەگەر مەسیحی باڵادەست خواستی لەسەر بوو و ژیاین، ئەمە و ئەوە دەکەین.»
[16] بەڵام لە جیاتی ئەوە، ئێوە شانازی بە لووتبەرزیتانەوە دەکەن، هەموو شانازییەکی ئاواش خراپە.
[17] بۆیە ئەوەی بزانێت چاکە بکات و نەیکات، گوناه دەکات.