[1] لە بیست و یەکی مانگی حەوت، فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات:
[2] «ئێستا قسە بکە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین و پاشماوەی گەل، بڵێ:
[3] ”لەوانەی کە ماونەتەوە کامەتان ئەو ماڵەی لە شکۆمەندی یەکەمیدا بینیوە؟ ئەی ئێستا ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئایا وەک هیچ نایەتە بەرچاوتان؟“
[4] یەزدان دەفەرموێت: ”بەڵام ئێستا ئەی زروبابل، بەهێزبە. ئەی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین، بەهێزبە. ئەی هەموو گەلی خاکەکە، بەهێزبن و ئیش بکەن، چونکە من لەگەڵتانم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
[5] ”بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵتاندا بەستم کاتێک لە میسرەوە هاتنە دەرەوە، ڕۆحم لەنێوتاندا ماوە. مەترسن.“
[6] «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”پاش کەمێک من جارێکی دیکە ئاسمان و زەوی، دەریا و وشکانی دەهەژێنم.
[7] هەموو گەلان دەهەژێنم و هەموو شتە گرانبەهاکانی گەلان دێن و ئەم ماڵە پڕ لە شکۆ دەکەم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
[8] ”زیو بۆ منە، زێڕ بۆ منە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
[9] ”شکۆمەندی ئێستای ئەم ماڵە لە شکۆمەندی پێشتری مەزنتر دەبێت. لەم شوێنەدا ئاشتی دەبەخشم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
[10] لە بیست و چواری نۆی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی پێغەمبەر هات و فەرمووی:
[11] «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئێستا لە کاهینەکان بپرسە تەورات چی دەڵێت:
[12] ئەگەر کەسێک گۆشتی تەرخانکراوی پیرۆزی بە دامێنی کراسەکەی هەڵگرت و دامێنی بە نان یان چێشت یان شەراب یان زەیت یان هەر خواردنێک کەوت، ئایا ئەم خواردنە پیرۆز دەبێت؟“» کاهینەکانیش وەڵامیان دایەوە گوتیان: «نەخێر.»
[13] ئینجا حەگەی گوتی: «ئەگەر کەسێک بە مردووێک گڵاو بووبێت، دەست لە یەکێک لەم خواردنانە بدات، ئایا ئەم خواردنە گڵاو دەبێت؟» کاهینەکان وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «بەڵێ، گڵاو دەبێت.»
[14] ئینجا حەگەی وەڵامی دایەوە و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم گەلە و ئەم نەتەوەیە لەبەردەمم ئاوان. هەموو کردەوەکانی دەستیان و ئەوەی لەوێ پێشکەشی دەکەن گڵاوە.
[15] «”ئێستاش لەمڕۆوە لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕابمێنن: پێش ئەوەی لە پەرستگای یەزدان بەردێک بخرێتە سەر بەردێک.
[16] لەو ڕۆژانە یەکێکتان دەهاتە سەر خەرمانی گەنم بیست ڕبە ببات، تەنها دە هەبوو. دەهاتە سەر قەڕابەکە تاکو پەنجا قاپی لێ پڕ بکات، تەنها بیست هەبوو.
[17] بە بای گەرمەسێر و کەڕوو و تەرزە لە هەموو کردەوەکانی دەستتانم دا، بەڵام ئێوە نەگەڕانەوە لام.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[18] ”لەم ڕۆژە بەدواوە ڕابمێنن، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، لەو ڕۆژەوە کە پەرستگای یەزدان دامەزرا. لێی ڕابمێنن:
[19] ئایا هێشتا تۆو لە ئەمبارەکانە؟ ئەی مێو و هەنجیر و هەنار و داری زەیتوونیش هێشتا بەریان نەگرتووە؟ «”لەم ڕۆژەوە بەرەکەتدارت دەکەم.“»
[20] دووبارە فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی هاتەوە، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، فەرمووی:
[21] «قسە لەگەڵ زروبابلی فەرمانڕەوای یەهودا بکە و بڵێ: ”من ئاسمان و زەوی دەهەژێنم.
[22] تەختی پاشایەتییەکان وەردەگێڕم و هێزی پاشایەتی نەتەوەکان لەناودەبەم. گالیسکە و سوارەکەی وەردەگێڕم، ئەسپ و سوارەکانیان دەکوژرێن، هەریەکە بە شمشێری براکەی.“
[23] «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئەی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی بەندەی من، لەو ڕۆژەدا دەتبەم و وەک ئەنگوستیلەت لێ دەکەم بۆ خۆم، چونکە تۆم هەڵبژارد.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»