[1] ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین
[2] خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە.
[3] بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ چونکە ئەو ڕۆژە نایێت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە نەیێت و مرۆڤی سەرپێچی دەرنەکەوێت، کوڕی وێران ،
[4] ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و خۆی بە خودا دەردەخات.
[5] ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟
[6] ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت.
[7] نهێنی سەرپێچی ئێستا کار دەکات، تەنها تاکو بەربەست لەنێواندا لادەچێت .
[8] ئەوسا سەرپێچیکار ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت.
[9] هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەیری درۆیین بەکاردەهێنێت،
[10] هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات.
[11] لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت، تاکو باوەڕ بە درۆ بکەن،
[12] تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.
[13] بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە بۆ ڕزگاری بە پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕکردنی ڕاستی.
[14] بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی گەورەمان.
[15] کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.
[16] با عیسای مەسیحی گەورەمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین،
[17] ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.