Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:34

[1] خۆشەویستان، ئەمە دووەمین نامەیە بۆتان دەنووسم، تێیاندا بە یادتان دەهێنمەوە تاکو بیری پاکتان بوروژێنم،

[2] هەروەها تاکو وتەکانی پێغەمبەرە پیرۆزەکان بێنەوە یادتان، هەروەها ڕاسپاردەی مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕزگارکەرمان کە لە ڕێگەی نێردراوانتان دراون.

[3] پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانن کە لە کۆتایی زەمانەدا خەڵکی گاڵتەجاڕ دێن و گاڵتە دەکەن، دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون،

[4] دەڵێن: «کوانێ بەڵێنی هاتنەوەی؟ لەو کاتەوەی باوباپیرانمان مردوون، لە سەرەتای بەدیهێنانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی.»

[5] بە ئەنقەست ئەوە پشتگوێ دەخەن کە لە کۆنەوە بە فەرمایشتی خودا ئاسمان دروست بووە و زەویش لە ئاو و بە ئاوەوە پەیدابووە.

[6] هەروەها بەهۆی ئەم ئاوەشەوە بوو کە جیهانی ئەو کات ژێر ئاو کەوت و لەناوچوو.

[7] بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون.

[8] بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە.

[9] یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو هەموو بۆ تۆبەکردن بێن.

[10] بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.

[11] کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین،

[12] چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە.

[13] بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشتەجێیە.

[14] خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە.

[15] بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین،

[16] وەک لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن، نەزان و نەچەسپاوەکان وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە دەیشێوێنن، بۆ لەناوچوونی خۆیان.

[17] بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون.

[18] بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و گەورەماندا گەشە بکەن. شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.

دووەم نامەی پەترۆس — Chapters