[1] لە پیرەکەوە ، بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن،
[2] لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:
[3] با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە لەگەڵ بێت.
[4] زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین.
[5] ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم، با یەکتریمان خۆشبوێ.
[6] خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەمەیە، کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.
[7] چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەمانە چەواشەکار و دژە مەسیحن.
[8] ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەستبدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن.
[9] هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە.
[10] ئەگەر یەکێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان وەریمەگرنەوە و سڵاوی لێ مەکەن،
[11] چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.
[12] زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.
[13] منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت سڵاوت لێدەکەن.