[1] خوشکان، برایان، سەبارەت بە کات و بەروار پێویست ناکات بۆتان بنووسین،
[2] چونکە خۆتان باش دەزانن، هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە لە شەودا.
[3] کاتێک خەڵکی دەڵێن: «ئاشتی و ئاسایشە،» دەستبەجێ مردن دێتە سەریان، وەک ژانی ژنی سک پڕ لە ناوەختدا دێت و ناشتوانن دەربازیان بێت.
[4] بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان،
[5] چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆڵەی ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین.
[6] کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین،
[7] چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن.
[8] بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و سپەری باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین،
[9] چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە،
[10] ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو ، لەگەڵ ئەو بژین.
[11] لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن.
[12] ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن،
[13] لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین.
[14] ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن و ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە و یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن.
[15] ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن.
[16] هەمیشە دڵشاد بن،
[17] بەردەوام نوێژ بکەن،
[18] لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.
[19] ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە،
[20] پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
[21] بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن،
[22] لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە.
[23] خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەماندا بێ گلەیی بپارێزن.
[24] ئەو خودایەی بانگتان دەکات دڵسۆزە و ئەنجامی دەدات.
[25] خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن.
[26] بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودایان بکەن.
[27] بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە.
[28] با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.