Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:13

[1] ئەی ژنەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی مێردەکانتان بن، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان گوێڕایەڵی وشەی خودا نەبوون ، ئەوا ژنەکان بێ وشە بە ڕەوشتیان دەیانبەنەوە،

[2] کاتێک لەخواترسی و ڕەوشتی پاکتان ببینن.

[3] با ڕازاوەییتان دەرەکی نەبێت، لە ئەگریجەی پرچ و زێڕ بەخۆوەکردن و جلی باش لەبەرکردن،

[4] بەڵکو لەناو دڵتاندا شاراوە و لەناونەچوو بێ، ڕازاندنەوەی ڕۆحێکی نەرم و هێمن، ئەوەی لەلای خودا گرانبەهایە،

[5] چونکە بەم شێوەیە ژنە پیرۆزەکان لە کۆندا، کە هیوایان بە خودا بوو، خۆیان دەڕازاندەوە، ملکەچی مێردەکانیان دەبوون،

[6] وەک سارا گوێڕایەڵی ئیبراهیم بوو، بە گەورە بانگی دەکرد. ئێوەش بوونەتە کچی ئەو، ئەگەر چاکە بکەن و لە شتێک نەترسن.

[7] بە هەمان شێوە، مێردەکان، بە هەستیارییەوە لەگەڵ ژنەکانتاندا بژین و ئەوە لەبەرچاو بگرن کە لە ئێوە ناسکترن. ڕێزیان بگرن، چونکە لەگەڵتاندا هاومیراتی نیعمەتی ژیانن، بۆ ئەوەی نوێژەکانتان کۆسپی تێنەکەوێت.

[8] لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و خۆشەویستی برایانەتان هەبێ، میهرەبان و ڕۆحسووک بن.

[9] خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت،

[10] چونکە [ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و ڕۆژگاری خۆش ببینێت، با زمانی لە خراپە بپارێزێت و لێوەکانی لە فێڵبازی.

[11] با لە خراپە لابدات و چاکە بکات، با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،

[12] چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە. بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.]

[13] کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟

[14] بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. [مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.]

[15] بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە.

[16] هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن،

[17] چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری.

[18] لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە،

[19] بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان،

[20] بەوانەی کە لە کۆندا یاخی بوون، کاتێک خودا لە ڕۆژانی نوحدا بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوان بوو، کە کەشتییەکە ئامادە دەکرا. تەنها هەشت کەس لەم کەشتییەدا بوون و بە ئاو ڕزگار بوون.

[21] ئەمەش هێمای لەئاوهەڵکێشانە کە ئێستا ڕزگارتان دەکات، نەک سڕینەوەی پیسی جەستە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی باش بۆ خودا، بە هەستانەوەی عیسای مەسیح،

[22] ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.

یەکەم نامەی پەترۆس — Chapters