[1] خۆشەویستان، بڕوا بە هەموو ڕۆحێک مەکەن، بەڵکو ڕۆحەکان تاقی بکەنەوە، بزانن ئایا لە خوداوەیە، چونکە زۆر پێغەمبەری درۆزن بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
[2] ڕۆحی خودا بەمە دەناسنەوە: هەر ڕۆحێک دان بەوەدا بنێت کە عیسای مەسیح لە جەستەدا هاتووە، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوەیە،
[3] بەڵام هەر ڕۆحێکیش دان بە عیسادا نەنێت، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوە نییە. ئەو ڕۆحە دژە مەسیحە کە بیستووتانە دێت و ئێستا وا لە جیهاندایە.
[4] ڕۆڵە خۆشەویستەکان، ئێوە لە خوداوەن و بەسەر ئەو پێغەمبەرە درۆزنانەدا زاڵ بوون، چونکە ڕۆحی خودا ئەوەی لە ئێوەدایە گەورەترە لە ڕۆحی شەیتان ئەوەی لە جیهاندایە.
[5] ئەوان سەر بە جیهانن، هەر بۆیە ئەوەی دەیڵێن لە جیهانەوەیە و جیهان گوێیان لێ دەگرێت.
[6] ئێمە لە خوداوەین و ئەوەی خودا بناسێت گوێمان لێ دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە خوداوە نەبێت گوێمان لێ ناگرێت. ڕۆحی ڕاستی و ڕۆحی چەواشە بەمە دەناسین.
[7] خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت.
[8] ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە.
[9] بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین.
[10] خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی گوناهەکانمان نارد.
[11] خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ.
[12] هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە.
[13] بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژین و خوداش لەگەڵ ئێمە دەژیێت، ئەو لە ڕۆحی خۆی پێداوین.
[14] ئێمەش بینیمان و شایەتی دەدەین کە باوک کوڕی خۆی ناردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕزگارکەری جیهان.
[15] هەرکەسێک دانی پێدا بنێت کە عیسا کوڕی خودایە، ئەوا خودا بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت، ئەویش بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت.
[16] ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت.
[17] بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین.
[18] خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە.
[19] خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین.
[20] ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە.
[21] لە ئەوەوە ئەم ڕاسپاردەیەمان دراوەتێ: ئەوەی خودای خۆشبوێ، با خوشکەکە و براکەشی خۆشبوێ.